15/08/2026
بەیاننامەی مەكتەبی سیاسی بەبۆنەی 16ـی ئاب، 80 ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان
جەماوەری كۆڵنەدەر، خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان
ئەمڕۆ بە شانازییەوە یادی دامەزراندنی پارتیمان دەکەینەوە، ئەو پارتەی داکۆکیکارێکی ڕاستەقینەی بەرژەوەندییەکانی گەلەکەمانە، ئەو یادەی کە وێستگەیەکی هەرە گرنگی خەباتی مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان و کاروانێکی نەسرەوتووی تێکۆشانی سیاسییە بۆ داکۆکیکردن لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان و بنەماکانی دیموکراسی، هەروەها بیرهێنانەوەی خەباتێكی تەمەن 80 ساڵەی وەرچەرخان و قوربانیدان و ئەزموون و سەرچاوەی سرووشی بەهاکانی ئازادی و دیموکراسیشە.
ئەو بۆنەیە تەنیا بیرەوەرییەکی ڕاگوزەری دامەزراندنی پارتێکی سیاسی نییە، بەڵکوو بەرجەستەکردنی ئیرادەی ئازادیخوازانەیە بۆ ڕەتكردنەوەی پیلانی دوژمنان و زوڵم و زۆرداری لەسەر ڕێبازی حەکیمانەی "بارزانیی نەمر" کە ئەوسا زەمینەیەکی سەردەمیانەی بۆ چەمکی كوردایەتی داڕشت و بە پەیڕەوکردنی بەها شۆڕشگێڕییەکان، پەرەی بە بزاڤی ڕزگاریخوازیی کوردستان دا. خەباتی هەمەلایەنەی پارتیمان لە شۆڕشەكانی ئەیلوول، گوڵان، ڕێککەوتننامەی 11ـی ئادار و ڕاپەڕینی 1991، گەواهی ئەوەن كە هێزێكی پێشەنگی پشتئەستوور بە جەماوەر و هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانە و هەمیشە بە كولتووری دایالۆگ هەوڵی بۆ بەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەییەكان داوە.
لە یادی 80 ساڵەی دامەزراندنی پارتیماندا پێداگری لەسەر ئەوە دەکەینەوە، کە وەفاداری بۆ مێژووی پارتی و قوربانیدانی تێکۆشەرەکانی تەنیا بیرهێنانەوە نییە، بەڵکوو ئەزموونی ئەو ڕابردوو و مێژووە، بەرپرسیاریەتییەکی نەتەوەیی و نیشتمانییە لەهەمبەر ئێستا و ئایندە لە ڕێگەی پاراستنی دەستکەوتەکانمان و دوورخستنەوەی هەرێمی کوردستان لەو ئاڵۆزییە سیاسی و گرژی و شەڕ و پێکدادانانەی دەوروبەرمان، هەروەها پاراستنی کوردستان و ڕێگاگرتن لەوەی ببێتە شوێنێک بۆ کاریگەری خستنەسەر ئەمنیەتی دراوسێکانمان و ڕێزگرتنی دوولایەنەی بەرژەوەندییەکان و، بەهێزکردنی پێگەی دەستووریی هەرێم و کاراکردنەوەی پەرلەمان وەکو ئەرکێکی مێژوویی و پێکهێنانی کابینەی دەیەم و حکومەتێکی بەهێز، هەروەها بەهێزکردنی یەکڕیزی و ڕێزگرتن لە فرەیی پێکهاتەکان و پتەوکردنی سەقامگیری و ئاشتەوایی لە هەرێم. خەڵكی خۆڕاگر و پشوودرێژی هەرێمی کوردستان لەو ساڵانەی ڕابردوو سەلماندوویانە خۆشەویستیی نیشتمان و گەلەکەیان لەسەرووی هەموو بابەتێكی دیکەوەیە، بۆیە بە ئەرکی خۆمانی دەزانین بەوپەڕی تواناوە کار بۆ چارەسەری کێشە و گرفتەکان بکەین بە ئاراستەی دابینکردنی ئاسایش و پێداویستییەکانی ژیانێكی سەرفرازانە.
لە یادی 16ـی ئابدا، دەستی دۆستایەتی و پێکەوەکارکردن بۆ تەواوی لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە پرۆسەی سیاسیی عێراق درێژدەکەین، ئەرکی هەموومانە بە جیاوازیی بیروبۆچوونی سیاسی، بڕوای ئایینی و مەزهەبییەوە پێکەوە هەوڵبدەین عێراق بۆ هەمووان بێت و دووری بخەینەوە لە تێوەگلان لە شەڕ و ئاژاوەی ناوچەکە و، هەموو پێکهاتەکان پێکەوە بە بەرپرسیاریەتییەوە شێوازێكی حوکمڕانیی دروست و سەردەمیانە بگرنە بەر، ئەمەش لە پێناو بەرژەوەندیی خەڵکی عێراقە، هەروەکو بە ئاشکرا گوتوومانە عێراق تووشی کێشەی زۆر کراوە، ڕەوا نییە چیتر لەو بازنەیە بسووڕێتەوە، چونکە خەڵکی عێراق هیچی دیکە بەرگەی ئەو هەموو نەهامەتییانە ناگرێت، ئەمەش بەرپرسیاریەتییەکی ئەخلاقی، نیشتمانی و ئایینییە.
بەو بۆنە مێژووییە قوربانیدانی تێکۆشەران و پێشمەرگە و شەهیدەکان بەرز دەنرخێنین و ئەوانەی گیانیان لە پێناو ماف و ئازادی و سەروەریی نەتەوە و خاک و گەلەکەمان بەخشی، هەروەها تێکۆشان و کۆڵنەدانی نەوە لەدوای نەوەکانی ڕێگای پارتایەتی و ڕێبازی بارزانیی نەمر.
لەم یادە پڕ شکۆیەدا، پەیمان بۆ گەلی کوردستان و سەرۆک (مەسعود بارزانی) دووپات دەکەینەوە کە لەسەر ڕێبازی ڕەسەنی کوردایەتی بەردەوام بین بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم و بەهێزکردنی بنەماکانی دیموکراسی و پێکەوەژیان.
سڵاو بۆ دامەزرێنەر و ڕابەری ڕێبازی کوردایەتی (مستەفا بارزانیی نەمر) و کاکە (ئیدریسی هەمیشە لەیاد) و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.
سوپاس و پێزانین بۆ کادیران، ئەندامان و لایەنگرانی پارتیمان، هەروەها گەرمترین پیرۆزبایی لە پێشمەرگە قارەمانەکان و خەڵکی خۆڕاگری کوردستان دەکەین.
سەرکەوتن بۆ خەباتی ڕەوای گەلەکەمانە، بەرز و شەکاوە بێت ئاڵای کوردستان.
مەکتەبی سیاسیی
پارتی دیموکراتی کوردستان
16ـی ئابی 2026