12/08/2026
بە هاوکاری رێکخراوی ILO؛ دەستەی ئاماری هەرێم ئامادەکاری بۆ جێبەجێکردنی ڕووپێوی نیشتیمانی هێزی کار دەکات.
بە هاوبەشی نێوان دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان و دەستەی ئامار و سیستەمی زانیاری جوگرافی عێراق، و بە هاوکاری و پشتیوانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کار (ILO)، ئامادەکارییەکان بۆ جێبەجێکردنی ڕووپێوی نیشتیمانی هێزی کار لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوامن.
لە چوارچێوەی ئەم ئامادەکارییەدا، وۆرکشۆپێکی تایبەتمەند لە ١٠ی ئاب تا ١٣ی ئابی ٢٠٢٦، بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەڕێوە دەچێت، بە ئامانجی تەواوکردنی ڕێکخستنە تەکنیکی و کارگێڕییەکان و دانانی کۆتا دەستکارییەکان پێش دەستپێکردنی پرۆسەی ڕووپێوەکە.
وۆرکشۆپەکە بە ئامادەبوونی بەڕێز سیروان محەمەد، بریکاری وەزارەتی پلاندانان و سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، و د. ضیاء عواد، سەرۆکی دەستەی ئامار و سیستەمی زانیاری جوگرافی عێراق، لەگەڵ بەشداری تیمە تەکنیکییە پەیوەندیدارەکان بەڕێوە چوو.
ڕووپێوی نیشتیمانی هێزی کار یەکێکە لە گرنگترین ڕووپێوە جۆرییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، کە بە مەبەستی بەدەستهێنانی زانیارییەکی ورد و نوێ لەسەر بارودۆخی بازاڕی کار، ژمارە و تایبەتمەندییەکانی هێزی کار، دامەزراوان و بێکاران، و جۆری چالاکییە ئابوورییەکان لە کەرتە جیاوازەکاندا جێبەجێ دەکرێت.
فۆڕمی ڕووپێوەکە بە شێوازێکی ستاندارد و تەکنیکی ئامادەکراوە و سیستەم و بەرنامە ئەلیکترۆنییەکانیش بۆ کۆکردنەوە، پرۆسەکردن و دەرهێنانی ئەنجامەکان دیزاین کراون. ئەمەش ڕێگە بە بەدەستهێنانی داتا و ئاماژەیەکی ورد، خێرا و باوەڕپێکراو دەدات بۆ تێگەیشتن لە واقیعی بازاڕی کار.
ئەنجامەکانی ئەم ڕووپێوەیە دەتوانێت ببێتە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ پشتیوانیکردنی بڕیاردان و سیاسەتەکانی دامەزراندن، پەرەپێدانی سیستەمی پاراستنی کۆمەڵایەتی، و دانانی پلان و بەرنامەکانی گەشەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتی، هەروەها بەشداریکردن لە بەدیهێنانی ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام.
یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی ئەم ڕووپێوەیە بریتییە لە بەکارهێنانی تەواوی تەکنەلۆژیا و ئامێرە ئەلیکترۆنییە نوێیەکان لە پرۆسەی کۆکردنەوەی داتا، کە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو دیجیتاڵکردنی ئامارە فەرمییەکان و بەرزکردنەوەی خێرایی، وردی و کوالێتیی داتا و ئەنجامە ئامارییەکان.
دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان
١٢-٨-٢٠٢٦