07/09/2026
🔵 بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار پڕۆژەی هەڵکۆڵینی رزگاری شوێنەواریی حەززەی بەسەرکردەوە
🔹ئەمڕۆ دووشەممە 7ـی ئەیلوول، بەڕێز "ئاوارە کوێخا عەلی"، بەڕێوەبەری گشتی شوێنەوار و کەلەپوور بەیاوەری بەڕێز دکتۆر "نادر بابەکر محەمەد"، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری هەولێر هەڵکۆڵینی رزگاری شوێنەواریی پێگەی حەززە 215ـی لە ناوچەی باغلومنارە لەسەر شەقامی نوێی 60 مەتری هەولێر بەسەرکردەوە.
🔹لە سەردانەکەدا بەڕێز بەڕێوەبەری گشتی شوێنەوار سەرەڕایی دەستخۆشی لە بەڕێوەچوونی کارەکانی هەڵکۆڵین لە پێگە شوێنەوارییەکە بەشێوەکی زانستی ورد، گوێی بۆ داواکارییەکانی لیژنەی کاری هەڵکۆڵین گرت و تیشکی خستەسەری بەردەوامی کاری هەڵکۆڵین لە ماوەکانی داهاتوودا.
🔹بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپووری هەولێر بە هاوبەشی لەگەڵ تیمی شوێنەواریی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و كەلەپوور و بەشی شوێنەواری زانكۆی سەلاحەدین بەردەوامە لە کاری هەڵكۆڵینی رزگاری بۆ پێگەی شوێنەواریی حەززە.
🔹کاری هەڵكۆڵین لە حەززە دەریخستووە پێشتر پێگەکە ناوچەیەكی ئاودێریی و بازرگانیی - پیشەسازیی بووە. بەپێی ئەنجامە بەدەستهاتووەکان لە سەردەمی ئەشكانی تاوەكو كۆتایی سەردەمی عەباسی ژیان لە نیشینگەی گەورەی حەزە بەردەوام بووە. حەززە یەكێكە لە پێگە شوێنەوارییەكانی شانشینی (ئەدیابین) كە دەكەوێتە باشووری رۆژئاوایی شاری هەولێر.
🔸كاری هەڵكۆڵین لە حەززە پڕۆژەیەكی گرنگ و ناوازەیە كە بۆ یەكەمجارە لە پارێزگای هەولێر بەشێوەیەكی زانستی ئەنجام دەدرێت و لە پڕۆژەكەدا تەنیا تیمی نێوخۆیی و شوێنەوارناسانی كورد بەشدارن.