25/06/2026
کەمترین مووچەى کرێکارى خانەنشینکراو زیاد کرا
لەسەر پێشنیارى بەڕێوەبەرایەتیی گشتیمان و ئەنجومەنى کارگێڕیی خەزنەى خانەنشین و دەستەبەرى کۆمەڵایەتى بۆ کرێکاران، لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆى ئەنجومەنى وەزیران بڕیار درا کەمترین مووچەى خانەنشینیی کرێکاران بۆ (٥٠٠,٠٠٠) پێنجسەد هەزار دینار زیاد بکرێت.
چوارشەممە ٢٤ى ٦ى ٢٠٢٦، بە سەرپەرشتیی مەسروور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لە کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیران دواى خستنەڕووى ڕاپۆرتى تایبەت بە پێشنیارى زیادکردنى کەمترین مووچەى خانەنشینیی کرێکاران لەلایەن کوێستان محەمەد وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى؛ بڕیار درا کەمترین مووچەى خانەنشینیی کرێکاران زیاد بکرێت بۆ بڕى (٥٠٠,٠٠٠) پێنجسەد هەزار دینار.
ئەمەش دواى ئەوەى کە پێشتر ئەنجومەنى کارگێڕیی خەزنەى خانەنشین و دەستەبەرى کۆمەڵایەتى بۆ کرێکاران لە کۆبوونەوەى ژمارەى (١٧٩)ی خۆیدا پاڵپشت بە یاسای ژمارە (٤ی ساڵی ٢٠١٢)ی هەموارى یاسای پیادەکردنى یاسای خانەنشین و دەستەبەرى کۆمەڵایەتى بۆ کرێکاران ژمارە (٣٩ی ساڵی ١٩٧١)، رادەى هەرە کەمى مووچەى خانەنشینى کرێکارانی دیار کرد کە بەپێی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو ژمارە (٩ی ساڵی ٢٠١٤)ی عێراقی بریتییە لە (٥٠٠,٠٠٠) پێنج سەد هەزار دینار.
لە هەرێمى کوردستان زیاتر لە (١٠٠٠) هەزار کرێکارى خانەنشینکراو هەیە، کە مووچەى مانگانەیان لەلایەن خەزنەى خانەنشین و دەستەبەرى کۆمەڵایەتى دابین دەکرێت، ئەو کرێکارانەى بڕی مووچەکەیان لە (٥٠٠,٠٠٠) هەزار دینار کەمتر بووە مووچەکانیان زیاد دەکرێت.
شایانى باسە، خانەنشینکردنى کرێکاران بۆ ئەو کرێکارانەیە کە دەستەبەر کراون و بە هۆکارى هەڵکشانى تەمەن، گیان لەدەست دان یان پێکانى کار خانەنشین دەکرێن.