03/08/2026
لە یادی تراژیدیایەکی مێژوویی دا: جینۆسایدی ئێزیدییەکان و کارەساتەکانی شنگال
#جینۆسایدی #ئێزیدییەکان یەکێکە لە گەورەترین و دڕندەترین تاوانەکانی سەدەی بیست و یەک، کە لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە دژی ئەم پێکهاتە ڕەسەنەی کوردستان ئەنجامدرا. ئەم کارەساتە درێژەی زنجیرەیەک فەرمان و هەڵمەتی مێژووییە کە بە درێژایی مێژوو لەلایەن دەسەڵاتە فەرمانڕەواکانەوە بەسەر ئەم نەتەوەیەدا جێبەجێ کراون.
#مێژوویەکی پر لە ستەم و پێشێلکاری دژی ئێزیدییەکان
ئێزیدییەکان وەک کوردە ڕەسەنەکانی میزۆپۆتامیا و خاوەن ئایینێکی یەکتاپەرستی کۆن، بە درێژایی مێژوو ڕووبەڕووی ٧٤ فەرمان (جینۆساید) بوونەتەوە. بۆ نموونە، لە ساڵی ١٧١٤ی زایینیدا سەربازانی خەلیفەی عوسمانی بە ناوی جیهاد پەلاماری شنگالیان دا و کۆمەڵکوژییان ئەنجام دا، کە ئەمە هەمان سناریۆی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش بوو لە ساڵی ٢٠١٤دا لەژێر ناوی "خەلافەتی ئیسلامی". ئامانجی سەرەکیی ئەم هێرشانە بە درێژایی مێژوو هەمیشە بنبڕکردنی تەواوەتی و سڕینەوەی شوناس، کولتوور و زمانی کوردیی ئێزیدییەکان بووە.
#هێرشی ٣ی ئابی ٢٠١٤؛ وێرانکاری و قەبارەی کارەساتەکە
دوای ئەوەی لە ٩ی حوزەیرانی ٢٠١٤ داعش پارێزگای نەینەوای کۆنتڕۆڵ کرد، لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ پەلاماری قەزای شنگال و دەوروبەری دا، کە یەکێکە لە ناوچە جێناکۆکەکانی نێوان حکومەتی ناوەندی و هەرێمی کوردستان. ئەم هێرشە دڕندانەیە چەندین پێشێلکاریی گەورەی مرۆیی لەخۆگرت:
- ئاوارەبوونێکی بەکۆمەڵ: زیاتر لە نیو ملیۆن کوردی ئێزیدی ئاوارە بوون؛ نزیکەی ٣٥٠ هەزار کەس ڕوویان لە هەرێمی کوردستان، تورکیا و سووریا کرد، و ١٥٠ هەزار کەس بۆ ماوەی زیاتر لە دە ڕۆژ لە چیای شنگال بە بێ ئاو و خۆراک گیریان خوارد.
- قوربانی و زیندەبەچاڵکردن: لە سەرەتای هێرشەکاندا ١٢٩٣ کەس کوژران، کە لەناویاندا ٤٠٠ پیاو لە گوندی کۆچۆ گولەباران کران و لە گۆڕێکی بەکۆمەڵدا زیندەبەچاڵ کران. هەروەها نزیکەی ٦٠٠ کەس (بەساڵاچوو، ژن و منداڵ) لە ڕێگادا بەهۆی برسێتی و تینوێتی گیانیان لەدەستدا.
- رفاندن و کۆیلەکردن: ٦,٤١٧ کەس (٣,٥٤٨ ژن و کچ و ٢,٨٦٩ پیاو) لەلایەن داعشەوە ڕفێنران. ژنان و کچان کرانە کۆیلەی سێکسی، لە بازاڕەکاندا وەک کەسانی کۆیلە فرۆشراون و ناچار بە گۆڕینی ئاین کراون.
- وێرانکردنی شوێنەوار و گۆڕە بەکۆمەڵەکان: داعش ٦٨ مەزارگە و پەرستگای ئایینیی ئێزیدییەکانی وێران کرد. تا مانگی ئابی ٢٠٢٣، ١١٩ گۆڕ (٨٢ گۆڕی بەکۆمەڵ و ٣٧ گۆڕی تاکەکەسی) لە شنگال دۆزراونەتەوە.
ئاماری ڕزگاربووان: تا ئێستا لە کۆی گشتیی ڕفێندراوان، ٣,٥٧٠ کەс (١,٢٠٨ ژن، ٣٣٩ پیاو، ١,٠٦٦ کچ و ٩٥٧ کوڕ) ڕزگار کراون و نزیکەی ٥ هەزار کەسیش کوژراون.
#هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
لەدوای کارەساتی شنگال، حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند هەنگاوێکی فەرمی و کرداریی نا بۆ بەدۆکیومێنتکردن و بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکان:
1. پێکهێنانی لێژنەی باڵای جینۆساید بۆ پێشکەشکردنی دۆسیەکە بە دادگا نێودەوڵەتییەکان.
2. دامەزراندنی دەستەی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگەنامە لە دهۆک و نووسینگەیەکی تایبەت بۆ ڕزگارکردنی ڕفێندراوان.
3. هاوکاری لەگەڵ تیمی نیشتمانی عێراق بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان.
4. واژۆکردنی ڕێککەوتن لەگەڵ ویلایەتی بادن ڤورتەمبێرگی ئەڵمانیا بۆ ناردنی ١٢٠٠ کچ و ژنی ڕزگارکراو بۆ چارەسەری دەروونی.
#کاردانەوە و هەوڵە نێودەوڵەتییەکان:
ئەم جینۆسایدە دەنگدانەوەیەکی گەورەی لە جیهاندا هەبوو و بووە هۆی پێکهێنانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش. پەرلەمانی چەندین وڵات (وەک ئەڵمانیا، بەریتانیا، فەرنسا و ئەنجومەنی سەنای ئەمریکا) ئەم تاوانەیان بە فەرمی بە جینۆساید ناساند.
هەروەها ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠١٧ بڕیارنامەی ٢٣٧٩ی دەرکرد و تیمی لێکۆڵینەوەی یونیتاد (UNITAD)ی بۆ بەڵگەنامەکردنی تاوانەکانی داعش دامەزراند.
#داواکارییە هەنووکەییەکانی کۆمەڵگەی ئێزیدی
بۆ گەیشتن بە دادپەروەری و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم دڕندەیییە، لایەنە پەیوەندیدارەکان پێویستە ئەم هەنگاوانە خێرا بکەن:
- هینانەکایەی دادپەروەری و دامەزراندنی دادگایەکی تایبەت بۆ دادگاییکردنی تاوانبارانی داعش.
- ڕزگارکردنی سەرجەم ڕفێندراوان و گەڕاندنەوەیان بۆ ژیانی ئاسایی.
- دەستەبەرکردنی ئاسایشی نەتەوەیی و سەقامگیری بۆ ئێزیدییەکان لە شنگال و دەوروبەری.
- بەردەوامبوون لە هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنکراوان.
- ئاوەدانکردنەوەی شنگال و زامنکردنی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان.
- قەرەبووکردنەوەی مادی و مەعنەویی قوربانیان و ڕزگاربووان.
-----
ئا: