24/07/2026
دەسکەوتێکی نوێ بۆ کارمەندانی گرێبەستی حکومی لە کەرتی تایبەت
دەستکەوتێکی گرنگ بۆ کارمەندانی کەرتی تایبەت، بە تایبەتی گرێبەستە حکومییەکان
بەپێی نوسراوەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی/بەشی پشکنین و بەشدارییەکان، بابەتی دۆخی دەستەبەری و تەوقیفاتی خانەنشینیی ئەو کارمەندە گرێبەستە حکومییانەی لە کەرتی تایبەت کار دەکەن، بە شێوەیەکی فەرمی و یاسایی چارەسەر کراوە.
دوای نوسراوی ژمارە (٤٩٤٠) لە ڕێکەوتی ٢٠٢٦/٥/٢٤ کە ئاراستەی وەزارەتی دارایی/بەڕێوەبەرایەتی گشتی دیوان/بەشی دیراسات و لێکۆڵینەوە کراوە، وەڵامی وەزارەتی دارایی بە نوسراوی ژمارە (٥٢٧٠) لە ڕێکەوتی ٧/٦/٢٠٢٦ دەرچووە و جەخت لەوە کراوەتەوە کە دۆخی ئەم کارمەندانە دەبێت بەپێی یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کرێکاران ژمارە (٣٩)ی ساڵی ١٩٧١ی هەموارکراو ڕێکبخرێت. لەدوای ئەوەش، گشتاندنی ژمارە (٦٦٥٨) لە ڕێکەوتی ٢٠٢٦/٦/٢٤، بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان نێردراوە بۆ جێبەجێکردنی کاری پێویست.
گرنگترین دەستکەوتی ئەم ڕێکارە ئەوەیە کە کارمەندانی گرێبەستی حکومی کە لە کەرتی تایبەت کار دەکەن و لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی تۆمار و دەستەبەر کراون، دەتوانن خزمەتی دەستەبەریی خۆیان بۆ میلاکی گشتی بگوازنەوە و لە کاتی خانەنشین بووندا ناچار نەبن بە شێوەی کۆبووەوە (متراکم) تەوقیفاتی خانەنشینیی ساڵانی پێشوو بدەن، بەڵکو لە ماوەی کارکردنیان لە کەرتی تایبەت، بە پێی یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتی، بەشداری و تەوقیفاتی دەستەبەری بە شێوەی مانگانە ئەنجام دەدرێت و خزمەتەکەیان بە شێوەی یاسایی دەپارێزرێت، هەروەها ڕێژەی بەشداریەکان لەدەستەبەری کۆمەڵایەتی تەنها ٥٪ لەسەر کرێکارەکە لەکاتێک دا لە میلاکی گشتی بریتی یە لە ١٠٪.
ئەم هەنگاوە بە دەستکەوتێکی گرنگە بۆ پاراستنی مافی خانەنشینی کرێکاران و کەمکردنەوەی بارگرانی دارایی لەسەر کارمەندانی گرێبەستی حکومی ئەوانەی لە کەرتی تایبەتی کار دەکەن.
٢٠٢٦/٧/٢٣
ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی.