Kurdistan Freedom party Representation in Norway

  • Hjem
  • Norge
  • Oslo
  • Kurdistan Freedom party Representation in Norway

Kurdistan Freedom party Representation in Norway Strategien til Kurdistan Freedom Party er å etablere en uavhengig Kurdistan-stat

04/08/2026
04/08/2026
24/07/2026

بەیاننامەی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لەبارەی ڕۆژەڤی سیاسیی کوردستان، ئێران و ناوچە
(هەڵسەنگاندنی دۆخی مەیدانی و ئەرکەکانی هاوپەیمانی)

خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!
ڕای گشتی و ئازادیخوازان!
لە کاتێکدا دۆخی سیاسی و ژێئۆپۆلەتیکی ناوچەکە و ئێران لە گۆڕان و قۆناغێکی هەستیار و پڕ لە گرژی‌دایە، کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران ڕۆژی پێنجشەممە، ١ی گەلاوێژی ١٤٠٥ (٢٣ی ژووئیەی ٢٠٢٦) لە چوارچێوەی هەڵسەنگاندنێکی هەمەلایەنەی دۆخەکەدا بەڕێوە چوو.
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدا پێک‌هات کە هاوکێشە نێودەوڵەتی و نێوخۆییەکانی ئێران تووشی گۆڕانکاریی قووڵ بوونەتەوە و کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک دواپەنا بۆ پەردەپۆشکردنی شکستە نێوخۆییەکانی، زیاتر لە جاران پەرەی بە تێرۆر و هێرشی ئاسمانی و زەوینی داوە.
شکست و ناکامبوونی زنجیرە دانوستانەکانی نێوان ڕێژیمی ئێران و ئامریکا، نیشانەی ڕوونی بنبەستێکی سیاسییە کە ئەم ڕێژیمەی لەپێ خستووە. سیستەمێک کە لە نێوخۆدا تووشی داڕمانی متمانەی گشتی و قەیرانی ئابووریی بێوێنە بووە، و لە دەرەوەش ناتوانێت بە دیپلۆماسی قەیرانەکانی مودیرییەت بکات. کۆی قەیرانە ئاڵۆز و بەربڵاوەکانی ڕێژیم وای لێ کردووە لە هێرشە یەک‌بەدوای یەکەکانی سەر حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام بێت، تەنانەت بەپێی دۆخی بریندارەکانیشمان لە هێرشەکاندا، ئەگەری بەکارهێنانی «مادەی سووتێنەر یان فۆسفۆڕی سپی» زۆرە کە بێگومان ئەمە جگە لە نیشاندانی زەبوونی و داماویی زۆری ڕێژیم لەهەمبەر بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد و هێز و وزەی شاراوەی خەڵک و حیزبەکانیان، تاوانی دژی مرۆڤایەتیشە.
مەحکومکردنی توندی بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو، هێرشە مووشەکی، درۆنی و زەمینییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان و بنکەکانی حیزبە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنها ئاگادارکردنەوەیەکی ئینسانیی نییە، بەڵکوو خوێندنەوەیەکی سیاسییشە بۆ خەسارە گەورەکانی ئەم بزووتنەوەیە و شەرمەزارکردنی تاوانێکی گەورەی جەنگە. لەم هێرشە دڕندانەیەدا بزووتنەوەکەمان تێچووی قورسی بووە. ژمارەیەک لە پێشمەرگەکانی پارتی ئازادیی کوردستان، پۆلێک لە پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، پۆلێک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ژمارەیەک لە گریلاکانی یەکینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شەهید بوون و هاوکات ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی پێشمەرگە بریندار بوون. بەڵام هەروەک گوترا ئەمە دوا پەلەقاژەکانی ڕێژیمێکە لە سەرەمەرگ‌دایە و نیشانەی بێهیوایی و زەبوونیی ڕێژیم لە ئیرادەی پۆڵایینی نەتەوەیەکە کە لەپێناو بەدیهێنانی مافە ڕەواکانیدا کۆڵ نادات.
هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران وێڕای ڕێزگرتن لە یادی ئەم گیانبەختکردووانە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و هاوڕێ و هاوسەنگەرانیان، ئەم زیانانە بە خەسار بۆ تەواوی بزووتنەوەی کوردستان دەزانێت. هاوکات هاوپەیمانیی پێ لەسەر ئەوە دادەگرێتەوە کە بڕیار یەکڕیزی و پێکەوەیی لەنێو بزووتنەوەی کوردستانی ئێراندا بژاردە نییە، بەڵکوو زەروورەتێکی ستراتیژییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم هێرشانە. لەلایەکی دیکەشەوە پاراستنی خاوەندارێتی لە هێزەکان و بەهێزکردنی سەقامگیریی نێوخۆیی هاوپەیمانیی بوار بۆ ئەوە دەڕەخسێنێ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هەوڵەکان بۆ ناساندنی دۆخی مرۆیی لە کوردستان و تاوانەکانی ڕێژیم فراوانتر بکرێن. بۆیە پێداگری لەسەر چارەسەری پرسی ڕەوای کورد لەم قۆناغەدا، بەهێزترکردنی پردی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی جیهانی لە ئاست ئەم دەستدرێژییانەدا بێدەنگ نەبێت و پشتڕاستی بکاتەوە کە خەباتی ڕەوای خەڵکی کوردستان بۆ بەدیهێنانی مافە بنەڕەتییەکانی خۆی بەم شێوازە دڕندانەیە دانامرکێتەوە.
لە کۆتاییشدا، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار بۆ بەردەوامیی هەرچی زیاتری کارە مەیدانییەکانی هاوپەیمانی درا و، ڕاگەیەندرا کە خەبات و تێکۆشانی پێکەوەیی و هاوپێوەندیی سیاسی و مەیدانی حیزبە سیاسییەکانی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران هەتا ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و بەدیهێنانی مافە نەتەوەیی و سیاسییەکانی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات درێژەی دەبێت.


هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران
١ی گەلاوێژی ١٤٠٥ (٢٣ی ژووئیەی ٢٠٢٦)

23/07/2026

بەیاننامەی پارتی ئازادیی کوردستانPAK سەبارەت بە پێویستیی بەهێزکردنی هاوپەیمانیی کوردستانی و پووچەڵکردنەوەی فیتنەگێڕییەکان!

پەیامێک لە بارەی قەیرانی ناوچە و بەرپرسیاریی نەتەوەیی  کوردگەشەسەندنی قەیرانی ناوچە و ئەگەری فراوانبوونی شەڕ، خۆرهەڵاتی ...
19/07/2026

پەیامێک لە بارەی قەیرانی ناوچە و بەرپرسیاریی نەتەوەیی کورد
گەشەسەندنی قەیرانی ناوچە و ئەگەری فراوانبوونی شەڕ، خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی خستووەتە ناو قۆناغێکی نوێ و چارەنووسساز. ئەگەر ئەم ئاڵۆزییە بەرەو شەڕێکی فراوانتر یان شەڕی زەمینی بڕوات، دەرئەنجامەکانی تەنها سنووری دەوڵەتان ناگرێتەوە، بەڵکو بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر چارەنووسی نەتەوەکان، بە تایبەتی نەتەوەی کورد، دەبێت.
بەداخەوە، لە هێرشەکانی دوایی، ژمارەیەک لە هاووڵاتیانی بێتاوان و پێشمەرگەی کورد گیانیان لەدەست دا و بریندار بوون. ئەم قوربانییانە جارێکی تر سەلماندیان کە نەتەوەی کورد هەمیشە لە یەکەم ڕیزی قوربانیی قەیرانە ناوچەییەکاندا بووە، بەبێ ئەوەی دەستپێشخەری ئەو شەڕانە بێت.
لە هەمان کاتدا، دەربڕینەکانی هەندێک لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە تایبەتی ئاماژەدان بە شەڕی زەمینی و ناوچەکانی کوردستان، نیشانەی ئەوەیە کە ڕێژیم هەوڵ دەدات قەیرانەکانی خۆی بگوازێتەوە بۆ خاکی کوردستان. ئەم بیرکردنەوەیە نە تەنها هەڵەیەکی ستراتیژییە، بەڵکو مەترسییەکی گەورە بۆ ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەش دروست دەکات.
پەیاممان بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕوون و بێ دوودڵییە:
ئەگەر دەسەڵاتدارانی ڕێژیم وا بزانن دەتوانن قەیرانەکانیان بگوازنەوە بۆ باشووری کوردستان، یان بە هەڕەشە و هێز ئیرادەی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بشکێنن، ئەوا هەڵەیەکی مێژوویی و ستراتیژیی گەورەیان کردووە. مێژوو سەلماندوویەتی کە هیچ دەسەڵاتێک بە هێز، سەرکوت و هەڕەشە نەیتوانیوە ویستی نەتەوەی کورد بۆ ئازادی و مافە ڕەواکانی کۆتایی پێ بهێنێت.
پاراستنی باشووری کوردستان بۆ ئێمە تەنها پاراستنی هەرێمێک نییە؛ پاراستنی یەکێکە لە گەورەترین دەستکەوتە نەتەوەییەکانی گەلی کورد. هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی باشوور، هەوڵێکە دژی بەرژەوەندیی هەموو نەتەوەی کورد.
لە هەمان کاتدا، ڕێژیمی ئێران دەبێت بزانێت کە هەر فشاری سەربازی و سیاسی، هەر هەڕەشە و هەر هێرشێک، تەنها ئیرادەی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئازادی، ماف و دیاریکردنی چارەنووسی خۆی بەهێزتر دەکات. ئەو داواکارییانە بە چەک و سەرکوت لە ناو ناچن، بەڵکو لە دڵ و هۆشی نەتەوەدا ڕیشەیان قووڵتر دەبێت.
پەیاممان بۆ نەتەوەی کورد:
ئەمڕۆ زیاتر لە هەر کاتێکی تر، پێویستە بەرژەوەندیی باڵای نەتەوە لەسەر هەموو جیاوازییە سیاسی و حیزبییەکان دابنرێت. ئەم قۆناغە، قۆناغی ململانێی ناوخۆ نییە؛ قۆناغی یەکڕیزی، هۆشیاری و بەرپرسیاریی نەتەوەییە. هێزی نەتەوەی کورد لە یەکدەنگی، هاوکاری و ستراتیژیی هاوبەشیدایە.
ئەو نەتەوەیەی کە لە هەر قۆناغێکی مێژوودا بە خوێنی شەهیدانی خۆی پارێزگاری لە بوون، کرامەت و مافە نەتەوەییەکانی کردووە، هەرگیز لە داواکاریی ئازادی، ماف و دیاریکردنی چارەنووسی خۆی دەست هەڵناگرێت.
با ئەم قۆناغە ببێتە هۆی نزیکبوونەوەی هەموو هێز و لایەنە نیشتمانییەکان لە دەوری بەرژەوەندیی باڵای نەتەوە. ئێمە باوەڕمان وایە کە داهاتووی کوردستان بە یەکڕیزی، هۆشیاریی سیاسی، دیپلۆماسیی کارا و خەباتێکی بەرپرسانە دەپارێزرێت، و نەتەوەی کورد بەردەوام دەبێت لە خەباتی ڕەوای خۆی بۆ ئازادیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پاراستنی دەستکەوتە نەتەوەییەکانی باشووری کوردستان.
سەردار وەڵەدبێگی

Adresse

Oslo

Telefon

+4796710946

Nettsted

Varslinger

Vær den første som vet og la oss sende deg en e-post når Kurdistan Freedom party Representation in Norway legger inn nyheter og kampanjer. Din e-postadresse vil ikke bli brukt til noe annet formål, og du kan når som helst melde deg av.

Snarveier

Del