12/09/2026
مەسعود بارزانی پیرۆزبایی لە ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان دەکات
مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پیرۆزبایی لە دانا ئەحمەد مەجید، ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان کرد و هەردوولاش جەختیان لە پاراستنی یەکڕیزیی و بەرژەوەندییە باڵاکانی کوردستان کردەوە.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، مەسعود بارزانی بە بۆنەی تەواوبوونی ڕێکارەکانی کۆنفرانسی نیشتمانی و هەڵبژاردنی وەک ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، پیرۆزبایی لە دانا ئەحمەد مەجید کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکە نوێیەکەیدا.
لە بەرامبەردا، دانا ئەحمەد مەجید، ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ پەیوەندی و پیرۆزباییەکەی سەرۆکی پارتی دەربڕی و ئەویش لای خۆیەوە هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست.
لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی دۆخی گشتی کرد و بە گرنگییەوە جەختیان لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییە باڵا نیشتمانی و نەتەوەییەکانی کورد، هەروەها پاراستنی ئارامی و بەهێزکردنی یەکدەنگیی لە هەرێمی کوردستان کردەوە.
دەقی هەواڵەکە لەم لینکەدایە: https://www.knnc.net/Details.aspx?jimare=67433