07/08/2026
شەپۆلی دەستبەسەرکردن و دۆسیەسازییە ئەمنیەتییەکان لە شارەکانی کوردستان
شەپۆلێکی نوێی دەستبەسەرکردن، دۆسیەسازیی دادوەری و گوشاری ئەمنی لە شارەکانی مەریوان، کرماشان و کامیارانی گرتووەتەوە. بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٥ی گەلاوێژ، هێزە ئەمنیەتییەکان هاوکات شەش کەسیان لە ئاوایی نێی سەر بە شاری مەریوان دەستبەسەر کردوە و گواستراونەتەوە بۆ شوێنی نادیار. ناسێنەی ئەم شەش کەسە ، سامان خسرەوی، سارۆ ڕەوشەنی، هاوڕێ پەروازە، پشتیوان تار تار، ئاریا مەعرووفی و زانا ئەسوار ڕاگەیەندراوە.
لە درێژەی ئەم دەستبەسەرکرانانەدا، لە شاری کامیارانیش جەمال ڕوستەمی، تەمەن ٥٧ ساڵ و لە ئەندامانی دامەزراوەی خێرخوازیی ئاوایی شایێنی، لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا.
جێگای ئاماژەیە ناوبراو پاش دەستبەسەرکرانی گوستراوەتەوە بۆ شوینی نادیار و تاوەکو ئێستاش زانیاریی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە
هاوکات لە شاری کرماشان، داواکاری گشتی و ئینقلابی ئەو شارە بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی دۆسیەیەکی دادوەریی بۆ عەلی پووردێنار ڕۆژنامەنووسی سەربەخۆ تۆمار کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، دۆسیەی ئەم ڕۆژنامەنووسە لە ڕێککەوتی ١٠ی گەلاوێژ لە لقی ١٦ی لێکۆڵینەوەی دادسرای گشتی و ئینقلابی کرماشان تۆمار کراوە و ناووبراو دەبێت لە ماوەی پێنج ڕۆژدا لە دادگا ئامادە بێت. عەلی پوردێنار پێشتریش بەردەوام چالاکیی لە ڕووماڵکردنی هەواڵەکانی پەیوەندیدار بە گیانبەختکراوانی ناڕەزایەتییەکان و بەدواداچوون بۆ دۆخی بنەماڵەکانیان کردبوو.