13/09/2026
رێز و ئەتەکێتی خێزانی
نوسینی/ نێرگز سلام
رێز و ئەتەکێت بنەمایەکی سەرەکی دروست کردنی خێزانێکی سەرکەوتوو و تەندروستە، پەیڕەوکردنی ڕەفتار و هەڵسوکەوتی جوان لەناو ماڵدا پەیوەندی نێوان ئەندامانی خێزان بەهێزدەکات و ژینگەیەکی ئارام دەڕەخسێنێت. چەند ڕێساییەکی ئەتەکێت و ڕێز هەن کە پێویستە لەنێوان ئەندامانی خێزان جێبەجێ بکرێت: ١-کاتێک کە ئەندامانی خێزان بەشێوەیەکی هێمن لەگەڵ یەکتر دەدوێن و گوێ لەیەکتر دەگرن ئەمە وادەکات زیاتر گرنگی بە بیروڕای یەکتری بدەن. ٢-لەکاتی قسەکردن پێویستە وشەی جوان و گونجاو بەرامبەر بە یەکتر بەکاربهێنن وەکو (تکایە) (سوپاس) (بەئەرک نەبێ) چونکە بەبەکارهێنانی ئەم ووشانە ڕێز و خۆشەویستی لەنێوان ئەندامانی خێزان قوڵتر دەبێت. ٣-پێش چوونە ژووری یەکتر لە دەرگا بدرێ داوای مۆڵەت وەرگرتن لە یەکتر بکەن بەر لەوەی کەلوپەلی یەکتر بەکاربهێنن. ٤-لەکاتی کۆبوونەوەی خێزانی مۆبایل و ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان وەلا بنرێ بۆ ئەوەی گرنگی بەئامادەبوونی یەکتر بدەن. کلتوری ڕێزگرتن لەناو یەکەمین دەزگای پێگەیاندنی کۆمەڵایەتییەوە دەست پێدەکات کە ئەویش خێزانە کاتێک دایک و باوک و منداڵەکان بەڕێزەوە مامەڵە لەگەڵ یەکتر دەکەن ئەوکات ڕێز دەبێتە بەشێک لە نەریت و کەسایەتی ئەندامانی ئەو خێزانە لەگەڵ هەموو کەسێک و لەهەموو شوێنێک.