21/05/2026
پەیامێک لە قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێرەوە
هاونیشتمانیانی خۆشەویست، گەشتیارانی بەڕێز ...
سرووشت و ژینگەی جوانی کوردستان، سامانێکی نیشتمانیی گشتییە و پاراستنی پاکوخاوێنیی ئەم خاکە و نیشتیمانەش، ئەرکێکی ئەخلاقی، مرۆیی و ئاینیی سەرشانی هەموو تاکێکی کۆمەڵگایە.
لە پێناو پاراستنی ئەو سرووشتە جوانە و کەمکردنەوەی مەترسییە ژینگەییەکان و تێپەڕاندنی وەرزێکی گەشتیاریی سەلامەت، داواکارین لە سەرجەم هاووڵاتیان و گەشتیاران لە کاتی چوونە دەرەوە و ئەنجامدانی گەشت و سەیراندا، بەوپەڕی هەستکردن بەرپرسیارێتییەوە ئەو خاڵانەی خوارەوە جێبەجێبکەن:
- فڕێنەدانی زبڵ و خاشاک پاشماوەکانتان لە ناوچە گشتی و گەشتیارییەکان، مەهێڵن بەهۆی زبڵ و پیسی و پاشماوەکانتان جوانیی سرووشتی وڵاتەکەمان بشێوێت.
- بە هیچ شێوەیەک ئاگر لە نزیک دارستان، پوش و پەڵاشی وشک نەکەنەوە و لەشوێنی تریش ئەگەر ئاگرتان کردەوە، دوای تەواوبوونی گەشتەکەتان، دڵنیابنەوە لە کوژاندنەوەی یەکجاریی پاشماوەی ئاگرەکە.
هاوڵاتییانی بەڕێز..
ژینگە و سرووشتی کوردستان ئەمانەتە لەلای ئێمە و دەبێت بە شێوازێکی تەندروست بیهێڵینەوە، دابینکردنی ژینگەیەکی پاک، تەندروستیی ئێستا و داهاتوومان مسۆگەر دەکات.
دەبا هەموومان پێکەوە، بە پابەندبوونمان بە یاسا و ڕێنماییە ژینگەییەکان، ببینە پارێزەری ڕاستەقینەی جوانییەکانی کوردستان و سیمایەکی شارستانی پێشکەشی گەشتیاران و میوانانی هەولێری پایتەخت بکەین.
نەبەر عەبدولحەمید
قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر
2026.5.21