بەڕێوەبەرایەتى چاکسازى گەوران / هەولێر

  • Home
  • Iraq
  • Irbil
  • بەڕێوەبەرایەتى چاکسازى گەوران / هەولێر

بەڕێوەبەرایەتى چاکسازى گەوران / هەولێر پەیجی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەورانی هەولێر

بێگومان له‌گه‌ڵ دروست بوونی ئاده‌میزاد له‌سه‌ر رووی زه‌وی تاوانیش له‌دایك بوو. هه‌ر له‌یه‌كه‌م تاوانی كوشتنی هابیل له‌لایه‌ن قابیله‌وه‌ مرۆڤ فێری ئه‌نجامدانی تاوان بوو، به‌ڵام دوای په‌شیمان بوونه‌وه‌ی قابیل ئه‌و راستییه‌مان پێ‌ ده‌ڵێت مرۆڤ چه‌ند بتوانێت له‌كاتی توڕه‌بوونیدا دان به‌خۆیدا بگرێت، ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه‌ له‌ئه‌نجامدانی هه‌ڵه‌یه‌ك وه‌ستاوه‌ته‌وه‌. هه‌موو مرۆڤێكیش هه‌ڵه‌ ده‌كات، به‌ڵام باشترینیان ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ دان هه‌ڵه‌كه‌یان ده‌نێن و جارێكی تر دووباره‌ی ناكه‌نه‌وه‌، هه‌روه‌ك پێغه‌مبه‌ر (د.خ) ده‌فه‌رمووێت (كل بني آدم خطاء، وخير الخطاء التوابون).
مێژووی به‌ندیخانه‌ی ناوه‌ندی هه‌ولێر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی 1986 كاتێك ئه‌م شوێنه‌ی پێشووی چاكسازی و ئێستای ڕاگیراوان شوێنی وێستگه‌ی شه‌مه‌نده‌فه‌ر بوو هه‌ر بۆیه‌ تا ئێستاش هه‌ر به‌ ناوی محطة ناوبانگی ده‌ركردووه‌ ، به‌ڵام وه‌كو به‌ندیخانه‌ له‌هه‌ولێر بوونی بوو بێت ئه‌وا به‌ر له‌و ساڵانه‌ش بووه‌، به‌ڵكو بۆ سه‌رده‌مانی پاشایه‌تی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. كه‌ ئه‌و كات تا گواستنه‌وه‌ بۆ ئه‌و شوێنه‌ی ئێستای به‌ندیخانه‌ی هه‌ولێر له‌سه‌رای كۆن بوو (شوێنی ئێستا قائیمقامیه‌ت) به‌رامبه‌ر پارێزگا.
دوای هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی عێراق و ئێران له‌ساڵی 1980 هێلی شه‌مه‌نده‌فه‌ری هه‌ولێر ــــ كه‌ركوك كۆتایی پێ‌ هات. له‌و كات به‌دواوه‌ شوێنی هێلی شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌ره‌و وێرانه‌و خراپ بوون رۆیشت، به‌ڵام له‌ساڵی 1986 بۆ یه‌كه‌مجار به‌ندیخانه‌ی ناوه‌ندی هه‌ولێر له‌سه‌رای كۆنه‌وه‌ گوازرایه‌وه‌ بۆ شوێنی وێستگه‌ی شه‌مه‌نده‌فه‌ر. له‌و كاته‌دا ئه‌م به‌ندیخانه‌یه‌ ته‌نیا شوێنی به‌ندكراوانی راگیراو بوو كه‌هه‌موو چینه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ له‌و به‌ندیخانه‌یه‌ به‌ند ده‌كران (ژن، پیاو، نه‌وجه‌وان، خێزانه‌كانی پێشمه‌رگه‌، نه‌خۆشیه‌ ده‌روونیه‌كان) واته‌ ئه‌م به‌ندیخانه‌یه‌ ته‌نیا شوێنی راگیراو بوو. هه‌ر به‌ندیه‌ك گه‌ر سزادرا بووایه‌ گه‌ر پیاو بووایه‌ ده‌نێردرا بۆ به‌ندیخانه‌ی (أبوغریب) له‌به‌غدا، یان ڕه‌وانه‌ی به‌ندیخانه‌ی (بادۆش) له‌ موسڵ ده‌كرا، به‌ڵام هه‌رچی ئافره‌ت و نه‌وجه‌وان بوو ئه‌وا ڕه‌وانه‌ی به‌غدا ده‌كران، چونكه‌ ته‌نیا له‌به‌غدا چاكسازی نه‌وجه‌وانان هه‌بوو له‌گه‌ڵا چاكسازی ئافره‌تان. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی ئاماژه‌ بۆ كردنه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا به‌ندكراوانی ڕاگیراو وه‌زاره‌تی ناوخۆ سه‌رپه‌رشتی ده‌كردن، به‌ڵام به‌ندكراوانی سزادراو وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی سه‌رپه‌رشتی چاكسازییه‌كانی ده‌كرد.
ساڵی 1991 كاتێك راپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌كه‌ی گه‌لی كورد به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌ شكست خواردووی حكومه‌تی عێراق و رژێمی به‌عس راپه‌ڕین، دوای پچڕانی په‌یوه‌ندی نێوان حكومه‌تی ناوه‌ند و حكومه‌تی هه‌رێم ستافی به‌ڕێوه‌به‌رو كارمه‌ندانی به‌ندیخانه‌ی ناوه‌ندی هه‌ولێر گۆڕان له‌لایه‌ن ستافێكی كوردی ئه‌م به‌ندیخانه‌یه‌ی به‌ڕێوه‌ده‌بردرا، چونكه‌ تا ئه‌و كات له‌لایه‌ن خه‌ڵكانی عه‌ره‌به‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌كرا، جێگه‌ی ئاماژه‌ پێكردنه‌ كه‌ به‌ندیخانه‌ ئه‌و كات ته‌نیا (6) هۆڵی هه‌بوو به‌م شێوه‌یه‌ش دابه‌ش كرابوو::
هۆڵه‌كانی ژماره‌ (1، 2، 3) بۆ پیاوان .
هۆڵی ژماره‌ (4) بۆ نه‌خۆشیه‌ ده‌روونیه‌كان .
هۆڵی ژماره‌ (5) بۆ ئافره‌تان .
هۆڵی ژماره‌ (6) بۆ نه‌وجه‌وانان .
له‌ساڵی 1999 ـــ 2000 سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم سه‌ردانی به‌ندیخانه‌ی ناوه‌ندی هه‌ولێری كرد و له‌گه‌ڵ ستافی به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌وكات كۆبۆوه‌، له‌به‌ر زۆری ژماره‌ی به‌ندكراوان و بچووكی به‌ندیخانه‌ بڕیاردرا چه‌ند هۆڵێكی تر بۆ به‌ندكراوان دروست بكرێت له‌گه‌ڵ چێشتخانه‌یه‌ك، به‌ڵام له‌دوای ئه‌مه‌وه‌ سه‌ره‌تا ده‌ست كرا به‌دروست كردنی 3 هۆڵی تر بۆ به‌ندیخانه‌. ئه‌مه‌ هه‌ر سێ‌ هۆڵی ژماره‌ (7، 8، 9)بۆ ڕاگیراوان دروست كرا. به‌ڵام ئه‌وه‌ جێی تێبینی بوو دوای دروست كردنی چاكسازی ئافره‌تان له‌ساڵی 1996 به‌ندكراوانی ئافره‌تان گواسترانه‌وه‌ بۆ ئه‌و چاكسازیه‌. دووباره‌ له‌به‌ر زۆری ژماره‌ی به‌ندكراوان بڕیاردرا دوو هۆڵی تر دروست بكرێت ئه‌وانیش هۆڵی ژماره‌ (11،12)، هه‌روه‌ها بینایه‌ی به‌شی به‌ڕێوه‌بردنیش دروست كرا . دواتر له‌دوای ساڵی 2002 (10) هۆڵی تر بۆ به‌ندیخانه‌ دروست كرا له‌گه‌ڵ دوو كۆگای بۆ كه‌لوپه‌كانی به‌ندیخانه‌.
به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌نده‌وه‌ نه‌مابوو بۆیه‌ له‌م به‌ندیخانه‌یه‌دا به‌ندكراوانی ڕاگیراو و سزادراوان تێكه‌ڵ به‌یه‌كتر ده‌كران. له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ به‌ندیخانه‌ی هه‌ولێر له‌ژێرچاودێری وه‌زاره‌تی ناوخۆ بووه‌ به‌ ڕاگیراو و سزادراوان، به‌ڵام له‌ساڵی 2008 دوای ره‌زامه‌ندی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان/عێراق بڕیاردرا كه‌ به‌ندكراوانی سزادراو وه‌زاره‌تی كارو كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی سه‌رپه‌رشتی بكات له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی ستاف و كارمه‌ندی تایبه‌ت به‌ وه‌زاره‌تی كارو كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی. به‌شی به‌ندكراوانی ڕاگیراویش هه‌ر وه‌زاره‌تی ناوخۆ سه‌رپه‌رشتی بكات. له‌دوای ساڵی (2008)ه‌وه‌ كاتێك بڕیاردرا كه‌ سزادراوان وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاكسازی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی كار دابنرێت هه‌رچه‌نده‌ له‌گه‌ڵ ڕاگیراوان له‌یه‌ك فه‌رمانگه‌دا بوون به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كۆمه‌ڵێك گۆرانكاری به‌ شێوه‌یه‌كی یه‌ك له‌دوای یه‌ك له‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ كرا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی سزادراوان وه‌ك زیادكردنی هۆڵ بۆ سزادراوان له‌ كۆتایدا گه‌یشته‌ (15) هۆڵ و دانانی ستافێكی تایبه‌ت به‌ چاكسازی هه‌روه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانی تر، به‌ڕێوه‌به‌رێكی تایبه‌ت و پۆلێك له‌ توێژه‌رانی ماندوونه‌ناس كه‌ جێ‌ په‌نجه‌یان دیاربوو له‌ بوژاندنه‌وه‌ و شیاندنه‌وه‌ی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی سزادراوان وه‌ چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌ خێزانیه‌كان و تایبه‌تیه‌كان و پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌ی كه‌ پێشتر به‌ ڕوونی به‌ دیار ده‌كه‌وت و كۆمه‌لێك كاری تر ......... هتد ، وه‌ پۆلێك له‌ یاسایی و كارمه‌ندی هێزی جێ‌ به‌جێ‌ كار ..... هتد.
به‌هۆی بوونی ئه‌و ستافه‌ نوێیه‌ چاكسازییه‌ی كه‌ ئاماژه‌مان پێدا حكومه‌تی هه‌رێم بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی توانستی ئه‌م ستافه‌ وه‌ به‌ تایبه‌ت توێژه‌رانی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی، هه‌ڵسا به‌ شاندكردنی پۆلێك له‌ توێژه‌ران به‌ چه‌ند هه‌نگاوێك بۆ ووڵاتانی ئه‌وروپی و ئه‌مریكی و عه‌ره‌بی و به‌شداریكردنی له‌ چه‌ندین خولی به‌هێز كردن و چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردنی سزادراون چه‌ندین جۆری تر، تیایدا كۆمه‌ڵێك زانیاری به‌سوود كۆكرایه‌وه‌ و تواندراوه‌ له‌ نێوانیان چه‌ند كارێك له‌ چاكسازی گه‌ورانی هه‌ولێر ئه‌نجام بدرێت بۆ به‌رژه‌وه‌ندی سزادراوان ، هه‌ندێ‌ له‌و كارانه‌ ده‌خه‌ینه‌ ڕوو :-
1- ڕێكخستنی سیسته‌می خۆراك و دانانی لێژنه‌ی تایبه‌ت بۆ به‌دواداچوون و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هۆڵی سزادراوان.
2- پۆلین كردنی سزادراوان له‌ ڕووی ته‌مه‌نه‌وه‌ .
3- ڕێكخستنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی ئازادبوونی به‌ مه‌رج .
4- ڕه‌خساندنی بواری وه‌رزشی بۆ سزادراوان وه‌ك كردنه‌وه‌ی خوله‌ وه‌رزشیه‌كان له‌ ناوخۆ و بانگێشكردنی تیپه‌كانی ده‌ره‌وه‌ بۆ نێو چاكسازی .
5- كردنه‌وه‌ی خوله‌ پیشه‌یه‌كان و فێركردن وه‌ك خۆشنوسی و به‌رگدروویی و كۆمپیوته‌ر و شه‌تره‌نج و كردنه‌وه‌ی پێشانگای تایبه‌ت به‌ كاری ده‌ستی سزادراوان .
6- كردنه‌وه‌ی سیمینار و وۆرك شۆپ له‌لایه‌ن توێژه‌ران و كه‌سانی پسپۆر له‌بواری ڕۆشنبیری و مه‌عریفی و چاكسازی بۆ گه‌شه‌پێدانی توانست و شیاندنه‌وه‌ی سزادراوان .
7- كردنه‌وه‌ی هۆبه‌ی پێشوازی سزادراوان كه‌ مه‌به‌ست تیایدا پێشوازی كردنه‌ له‌ گشت سزادراوێك .
8- ڕه‌زامه‌ندی دان به‌ مۆڵه‌تی ماڵه‌وه‌ كه‌ تیایدا سزادراو مافی چونه‌وه‌ی ده‌بێت بۆ ماوه‌یه‌كی دیاریكراو به‌پێی ڕێنمایه‌كانی چاكسازی .
9- كردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ چاكسازی گه‌وران بۆ سزادراوان به‌ هاوكاری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌، كه‌ ته‌نها له‌ دوو قوتابی ده‌ستی پێكرد تا گه‌یشته‌ نزیكه‌ی (160) قوتابی هه‌روه‌ها له‌ نێوانیاندا قوتابی گه‌یشتۆته‌ قۆناغی په‌یمانگا و زانكۆ و ماجستێر وه‌ به‌رده‌وام بوون له‌ خوێندن دوای ئازادبوونیان.
10- بوژاندنه‌وه‌ی كه‌رتی ته‌ندروستی تایبه‌ت به‌ چاكسازی .
له‌به‌ر نه‌بوونی جێگای تایبه‌ت به‌ سزادراوان بۆیه‌ سزادراوان و ڕاگیراوان له‌م به‌ندیخانه‌یه‌ كۆكراونه‌وه‌ هه‌ر له‌و كاته‌وه‌ حكومه‌ت بڕیاری دا به‌ دروستكردنی باڵه‌خانه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ سزادراوان به‌مه‌به‌ستی په‌یره‌و كردنی سیسته‌می چاكسازی بۆیه‌ له‌ ساڵی ( 2010 ) به‌ردی بناغه‌ی باڵه‌خانه‌ی چاكسازی گه‌وران له‌ هه‌ولێر دانرا كه‌ ئه‌و كات به‌ڕێز ( ئاسۆس نجیب ) وه‌زیری كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی بوو، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ به‌هۆی كه‌م و كوری كۆمپانیای به‌ڵێنده‌ر و نه‌بوونی بووجه‌ی ته‌رخانكراو درێژه‌ی كێشا تا ساڵی (2014) ئینجا ته‌واو كرا، دواتر كاتێكی پێویست بوو بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ل و په‌لی تایبه‌تی بۆ ته‌رخان بكرێت وه‌ك پێداویستی هۆڵه‌كانی سزادراوان و قوتابخانه‌ و كارگێڕی و ته‌واوی ده‌زگا و چێشتخانه‌ و هۆڵی وه‌رزشی ..... هتد ، دواجار له‌ سه‌ره‌تای ساڵی (2015)ه‌وه‌ باڵه‌خانه‌كه‌ به‌ته‌واوی ئاماده‌كرابوو هه‌رچه‌نده‌ كه‌مێك كه‌موكوری هه‌بوو بۆیه‌ بڕیاردرا به‌ گواستنه‌وه‌ی سزادراوان له‌ به‌ندیخانه‌ی ناوه‌ندی هه‌ولێره‌وه‌ بۆ باڵه‌خانه‌ی نوێی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاكسازی گه‌ورانی هه‌ولێر به‌ خۆشحالیه‌وه‌ له‌ ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێك به‌ هاوكاری پۆلیسی فریاكه‌وتن پرۆسه‌ی گواستنه‌وه‌كه‌ به‌ ته‌واوی سه‌ركه‌وتوو بوو به‌ بێ‌ بوونی هیچ كێشه‌یه‌ك ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت كه‌ ستافی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی زیاتر له‌ ئه‌ركی خۆیان و مادوونه‌ناسانه‌ ئه‌م ئه‌ركه‌یان گرته‌ ئه‌ستۆ . شایەنى باسە لە ساڵى (2008)ەوە (دیدەوان محمد صۆفى) وەک یەکەم بەڕێوەبەر دەست بەکاربووە و تا ئستا خزمەتى بە چاکسازى گەیاندوە کۆمەڵێک گۆڕانکارى ڕوویداوە ناوبراو هەردەم پاڵپشتى کارە باشەکان بووە بەردەوام پشتگیرى لە ستافى چاکسازى کردووە لە گشت بەشەکان.

📚 پەرەپێدانی کەلتووری خوێندنەوە لە ناو بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەورانی هەولێرــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ...
06/09/2026

📚 پەرەپێدانی کەلتووری خوێندنەوە لە ناو بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەورانی هەولێر
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
لە چـوارچێوەی هـەوڵە بـەردەوامەکانی بـەڕێوەبەرایەتی چـاکسازی گـەورانی هـەولێر بـۆ پـشتگیریکردن لە پرۆسەی چـاکسازی و پـەرەپێدانی تـواناکانی فـکری و ڕۆشـنبیریی سـزادراوان، گـرنگییەکی تـایبەت بـە پـەرەپێدانی کەلتووری خـوێندنەوە و هــاندانیان بـۆ خــوێندنـەوە دراوە.
بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکان، تەنها لە ماوەی مانگی ڕابردوودا ٣١٧١ دانە کتێب لەلایەن سزادراوانەوە خوێندراوەتەوە. ئەم ژمارەیە نیشانەیەکی ڕوونە لە بەرزبوونەوەی ئاراستەی سزادراوان بۆ خوێندنەوە، بەدەستهێنانی زانیاری و پەرەپێدانی تواناکانی کەسی و کۆمەڵایەتی.
کتێبخانەی ناو بەڕێوەبەرایەتی بە شێوازێکی مۆدێرن، سیستەماتیک و ڕێکخراو ئامادە کراوە و ئێستا ٩٦٥٣ دانە کتێبی تێدایە، کە ٦٤٧٧ ناونیشانی جیاواز لە بوارەکانی ئایینی، ئەدەبی، کۆمەڵایەتی، دەروونناسی، مێژوو و بوارە جۆراوجۆرەکانی تری زانست و زانیاری لەخۆ دەگرێت. هەروەها، پڕۆسەی زیادکردن و نوێکردنەوەی کتێبەکان بەردەوامە.
لە چوارچێوەی پلانی ساڵانەی بەڕێوەبەرایەتی، خ*ل، سیمینار و چالاکییە ڕۆشنبیرییەکان بەردەوام ئەنجام دەدرێن، بۆ هاندانی سزادراوان و بەهێزکردنی ئاراستەیان بۆ خوێندنەوە و فێربوون. هەر سزادراوێک دەتوانێت بە ئازادی داوای کتێبی دڵخواز بکات و دوای تەواوکردنی خوێندنەوەکەی، کتێبەکە بگەڕێنێتەوە بۆ کتێبخانە، تاکو کەسانی دیکەش بتوانن سوودی لێ ببینن.
شایانی باسە کتێبخانەکە لەلایەن هۆبەی توێژینەوەی بەڕێوەبەرایەتییەکەوە بە شێوەیەکی سیستەماتیک و ڕێکخراو بەڕێوە دەبرێت و چاودێری دەکرێت.
ئەم هەنگاوە بەشێکە لە ستراتیژی گشتی بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەورانی هەولێر، بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ چاکسازی، بەرزکردنەوەی هۆشیاری و پەرەپێدانی تواناکانی سزادراوان، بە ئامانجی ئامادەکردنیان بۆ گەڕانەوەیەکی سەرکەوتووانە و بەرپرسیارانە بۆ ناو کۆمەڵگا.

ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەوران / هەولێر
‌ ‌ ٢٠٢٦/٩/٦

خزمەتگوزاری پەیوەندی دەنگ و ڕەنگ پاڵپشتی مرۆیی نێوان سزادراو و خێزانــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ...
03/09/2026

خزمەتگوزاری پەیوەندی دەنگ و ڕەنگ پاڵپشتی مرۆیی نێوان سزادراو و خێزان
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەوران بۆ پاراستنی ماف و بارودۆخی مرۆیی سزادراوان، خزمەتگوزاری پەیوەندی دەنگ و ڕەنگ وەک یەکێک لە گرنگترین خزمەتگوزارییە مرۆییەکان بەردەوام بەڕێوەدەچێت.
ئەم خزمەتگوزارییە لە ژێر سەرپرشتیاری توێژەران و هێزی جێبەجێکاردا، بە شێوازی پەیوەندی ڕاستەوخۆی دەنگ و ڕەنگ لە ڕێگەی بەرنامەکانی WhatsApp و ViberوTelegram ئەنجام دەدرێت. ماوەی پێنج (٥) ساڵە ئەم پڕۆسەیە بەردەوامە و بووەتە هۆکارێکی گرنگ بۆ نزیککردنەوەی سزادراوان بە خێزان و کەس‌وکارەکانیان.
تەنها لە ماوەی مانگی ڕابردوودا، زیاتر لە (١٧٥٦) پەیوەندی دەنگ و ڕەنگ بۆ سزادراوانی ناو بەڕێوەبەرایەتی ڕێکخراوە. ئەم خزمەتگوزارییە تایبەتە بەو سزادراوانەی کە بیانین یان کەس‌وکارەکانیان لە دەرەوەی وڵاتن، یان لە دۆخی نەخۆشی و پەککەوتووییدا دان، بۆ ئەوەی بتوانن لە ڕێگەی تەکنەلۆژیای نوێوە خێزانەکانیان ببینن و پەیوەندی مرۆییان بەردەوام بێت.
بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەوران ئەم خزمەتگوزارییە بە بەشێک لە ستراتیژی مرۆیی و چاکسازییەکانی خۆی دادەنێت و بەردەوام پشتگیری دەکات، بە مەبەستی دروستکردنی ژینگەیەکی ئارامتر و پاڵپشتیکەر بۆ سزادراوان و دڵنیایی زیاتر بۆ خێزانەکانیان.

ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەوران / هەولێر
٢٠٢٦/٩/‌٣

بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەوران لە هەولێر یادی لەدایکبوونی پێغەمبەر ﷺ بەرز ڕادەگرێتـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ...
02/09/2026

بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەوران لە هەولێر یادی لەدایکبوونی پێغەمبەر ﷺ بەرز ڕادەگرێت
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
​ لە چوارچێوەی چالاکی و بەرنامە بەردەوامەکانیدا بۆ پەرەپێدانی لایەنی ئایینی و پەروەردەیی بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەوران لە هەولێر بەبۆنەی یادی شکۆداری لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام حەزرەتی محمد ﷺ بەرنامەیەکی تایبەت و فراوانی ئایینی بۆ سزادراوانی بەرێوەبەرایەتیەکمان بەڕێوە برد

​ئەم مەراسیمە بە سەرپەرشتی هۆبەی ڕاهێنانی پیشەیی بەڕێوە چوو و سەرەتای بەرنامەکە بە خوێندنەوەی چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز دەستی پێکرد پاشان لە میانی بەرنامەکەدا کە سەرجەم بڕگەکانی لەلایەن خودی سزادراوانەوە ئامادەکرابوون و بەڕێوەبردران چەندین سرودی ئایینی و بڕگەی تایبەت بە خوێندنەوەی مەولودنامەی پیرۆز پێشکەش کران کە تێیدا باسی سیرە و ڕەوشتە بەرزەکانی پێغەمبەر ﷺ کرا ئەم بڕگانە لەلایەن سزادراوانەوە پێشکەش بە هاوڕێ سزادراوەکانیان کران کە وەک ئامادەبووی سەرەکی ڕێوڕەسمەکە بەشداربوون و گوزارشتیان لە بەهاداری و شکۆمەندی ئەم بۆنە پیرۆزە کرد هەروەها لە کۆتایی مەراسیمەکەدا شیرینی بەسەر سەرجەم بەشداربووان و ئامادەبوواندا دابەش کرا

​ئەم هەنگاوەی بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەوران لە هەولێر لە چوارچێوەی کارنامەی سەرەکی بەڕێوەبەرایەتییەکەدا دێت بۆ خزمەتکردنی لایەنی دەروونی و پەروەردەیی سزادراوان هەروەها ڕەخساندنی دۆخێکی ئەرێنی و گونجاو کە بەشدار بێت لە پەرەپێدانی تواناکانیان و بەهێزکردنی ئینتیما و بەشداری کۆمەڵایەتییان لە بەرێوەبەرایەتیەکەمان

​ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەوران / هەولێر

٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٦

بەردەوامی خ*لی وەرزشی یاریی بالە بۆ سزادراوانی چاکسازی گەورانی هەولێرـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ...
01/09/2026

بەردەوامی خ*لی وەرزشی یاریی بالە بۆ سزادراوانی چاکسازی گەورانی هەولێر
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
لە درێژەی خ*لی وەرزشی یاریی بالە کە بۆ سزادراوانی چاکسازی گەورانی هەولێر کرایەوە، یارییەکانی خ*لەکە بە شێوەیەکی ڕۆژانە و بەردەوام بەڕێوەدەچن.

ئەم خ*لە لە چوارچێوەی بەرنامە و چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەورانی هەولێر، بە مەبەستی بەکارهێنانی کاتی بەتاڵی سزادراوان بە شێوەیەکی سوودبەخش، پەرەپێدانی تواناکانی جەستەیی و دەروونی و بەهێزکردنی ڕۆحی هاوکاری و ڕکابەرییەکی تەندروست بەردەوامە.

یارییەکان لە ژینگەیەکی پڕ لە وزە و چاڵاکی بەڕێوەدەچن و سزادراوان بە شێوەیەکی چالاک بەشداری دەکەن، کە ئەمەش بەشێکە لە پرۆسەی چاکسازی و ئامادەکردنیان بۆ گەڕانەوەیەکی سەرکەوتووانە بۆ ناو کۆمەڵگە.

ڕاگەیاندنی چاکسازی گەورانی هەولێر

بەردەوامی پرۆسەی شیاندنەوە هەنگاوێک بەرەو ژیانێکی نوێبەردەوامی جێبەجێکردنی بەرنامەی شیاندنەوەی سزادراوان لە سەنتەری بەڕێ...
31/08/2026

بەردەوامی پرۆسەی شیاندنەوە هەنگاوێک بەرەو ژیانێکی نوێ

بەردەوامی جێبەجێکردنی بەرنامەی شیاندنەوەی سزادراوان لە سەنتەری بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەوران/هەولێر

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

لە سەنتەری شیاندنەوەی بەکارهێنەران و ئاڵودەبووانی مادەی هۆشبەر لە بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەوران/هەولێر، بەرنامەی شیاندنەوەی سزادراوان بە شێوەیەکی ڕێکخراو و بەردەوام جێبەجێ دەکرێت بەرنامەیەک کە ئامانجی تەنها پڕکردنەوەی کات نییە بەڵکو هەوڵێکی جددییە بۆ گۆڕینی شێوازی ژیان و دروستکردنی داهاتوویەکی پڕ لە هیوا.

چالاکییەکانی بەرنامەکە بە وەرزشییە بەیانییەکان دەست پێدەکات، کە ڕۆڵێکی گرنگ لە چالاککردنی جەستە و مێشک، باشترکردنی دۆخی دەروونی و بەهێزکردنی هەستی متمانە بەخۆبوون دەگێڕێت.

لە بەردەوامی بەرنامەکەدا بەشداربووان بە شێوەیەکی ڕێکخراو دابەش دەکرێن بۆ دوو گرووپی شیاندنەوە کە هەر یەکێکیان لەلایەن ڕاهێنەر و یاریدەدەری ڕاهێنەرەوە بە شێوەیەکی پیشەیی سەرپەرشتی دەکرێت بۆ ئەوەی پرۆسەی شیاندنەوە بەپێی پێویستییەکانی بەشداربووان و بە شێوەیەکی گونجاو بەرەوپێش بچێت.

ئامانجی سەنتەرەکە شیاندنەوەی سزادراوانی بەکارهێنەر و ئاڵودەبووانی مادەی هۆشبەر و ئامادەکردنیانە بۆ گەڕانەوەیەکی سەرکەوتووانە بۆ ناو کۆمەڵگا.

لە پێناوی گەیشتن بەو ئامانجە بەرنامەکە کۆمەڵێک چالاکی و پرۆگرامی جۆراوجۆر لەخۆ دەگرێت، لەوانە: وشیاریی گشتی و تەندروستی، ڕاهێنانی دەروونی، چالاکییە وەرزشییەکان، بابەتە ئاینییەکان، وەرزش، میوزیک.

ئەم چالاکی و بەرنامانە لەلایەن کەسانی پسپۆر و شارەزا بە شێوەیەکی ڕێکخراو پێشکەش دەکرێن، بۆ ئەوەی بەشداربووان بتوانن تواناکانیان پەرە پێبدەن، متمانە بەخۆیان بگەڕێننەوە و خۆیان بۆ ژیانێکی سەربەخۆ و بەرهەمدار ئامادە بکەن.

شیاندنەوە تەنها چارەسەرکردنی ڕابردوو نییە
دروستکردنی داهاتوویەکی نوێیە.

بەردەوامین لە هەنگاوەکانمان بۆ پشتگیریکردنی پرۆسەی چاکسازی، پەرەپێدانی تواناکانی سزادراوان و ئامادەکردنیان بۆ گەڕانەوەیەکی سەرکەوتووانە و کاریگەر بۆ ناو کۆمەڵگا.

ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەوران/هەولێر
٢٠٢٦/٨/٣١

📢 ئاگاداریئاگاداریی سەرجەم کەسوکاری سزادراوان دەکەینەوە کە گۆڕانکاری لە ڕۆژەکانی مواجەهە (سەردان) کراوە.🗓️ خشتەی نوێی مو...
30/08/2026

📢 ئاگاداری

ئاگاداریی سەرجەم کەسوکاری سزادراوان دەکەینەوە کە گۆڕانکاری لە ڕۆژەکانی مواجەهە (سەردان) کراوە.

🗓️ خشتەی نوێی مواجەهە

لە مەودوا، خشتەی نوێی مواجەهە بەم شێوەیەیە:

- ڕۆژی دووشەممە: مواجەهەی ئافرەتان
- ڕۆژی پێنجشەممە: مواجەهەی پیاوان

⚠️ تێبینی گرنگ

بۆ ئەم هەفتەیە، مواجەهەی بەشی (A) بەم شێوەیە ئەنجام دەدرێت.

تکایە سەرجەم کەسوکارانی سزادراوان ئاگاداری ئەم گۆڕانکارییە بن و لە ڕۆژ و کاتی دیاریکراودا سەردانی سزادراوی خۆیان بکەن.

سوپاس بۆ هاوکاری و تێگەیشتنتان.

لەگەڵ ڕێزدا
بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەوران / هەولێر

بەروار: یەکشەممە ٢٠٢٦/٨/٣٠

پیرۆزبایی بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئازیزمان محمد (درودی خودای لەسەر بێت)ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ...
24/08/2026

پیرۆزبایی بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئازیزمان محمد (درودی خودای لەسەر بێت)
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
بە بۆنەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری خۆشەویستی خودا محمەد (د.خ)، کە پەیامی ڕەحمەت، ئاشتی، لێبوردەیی و مرۆڤایەتییە، بە دڵێکی پڕ لە ڕێز و خۆشحاڵییەوە ئەم بۆنە پیرۆزە بە هەموو موسڵمانان و خەڵکی ئازیزی کوردستان پیرۆزبایی دەکەین.

بەتایبەتی پیرۆزبایی و پێزانینمان پێشکەش بە هەموو فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەوران/هەولێر دەکەین کە بە هەستی بەرپرسیارێتی و پابەندی بە ئەرکەکانیان بەردەوام لە خزمەتکردن و هەوڵدانن بۆ بەڕێوەبردنی باشتر و جێبەجێکردنی ئەرکە مرۆیی و پیشەییەکان.

هەروەها، ئەم بۆنە پیرۆزە بە هەموو سزادراوانی ناو بەرێوەبەرایەتیەکەمان و کەس و کاری بەڕێزیان پیرۆزبایی دەکەین و هیوادارین بە ڕۆحی پەیامی پێغەمبەری خوا (د.خ) کە لەسەر بنەمای ڕەحمەت، لێبوردەیی، چاکسازی و ڕێزگرتن لە مرۆڤایەتی دامەزراوە، ئەم بۆنەیە ببێتە هۆی زیاترکردنی هیوا و دڵنیایی بە داهاتوویەکی باشتر.

لە خودای گەورە داوا دەکەین ئەم یادە پیرۆزە ببێتە سەرچاوەی ئاشتی، ئارامی، تەندروستی، یەکڕیزی و خێر و بەرەکەت بۆ هەموو خێزان و ماڵەکان و هەموومان لە ڕێگای ڕاست و خزمەتکردنی مرۆڤایەتی بەردەوام بکات.

یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ڕەحمەت، محەممەد (د.خ) لەگەڵ هەموو فەرمانبەران، سزادراوان و کەس و کاری بەڕێزیان پیرۆز بێت. ﷺ

بەرێوەبەرایەتی چاکسازی گەوران/هەولێر

مۆسیقا وەک پردێک بۆ گەڕانەوە؛ کردنەوەی خ*لی ڕاهێنانی هونەری لە بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەورانی هەولێرــــــــــــــــــــ...
24/08/2026

مۆسیقا وەک پردێک بۆ گەڕانەوە؛ کردنەوەی خ*لی ڕاهێنانی هونەری لە بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەورانی هەولێر
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
​لە درێژەی کار و چالاکییە هەمەلایەنەکانی بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەورانی هەولێر و بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری و دەروونیی سزادراوان، هۆبەی مەشق و ڕاهێنانی پیشەیی هەستا بە کردنەوەی خ*لێکی تایبەتی فێربوونی مۆسیقا بۆ ئەو سزادراوانەی خ*لیای ژەندنی ئامێرە مۆسیقییەکانیان هەیە. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی ستراتیژییەتی بەڕێوەبەرایەتییەکەماندایە بۆ سوودوەرگرتن لە کاتی سزادراوان و گۆڕینی بۆ وزەیەکی بونیادنەر کە یارمەتیدەر بێت لە پرۆسەی چاکسازی و دووبارە تێکەڵبوونەوەیان بە ناو کۆمەڵگە.

​گرنگیی ئەم خ*لە لەوەدایە کە بە تایبەت بۆ ئەو سزادراوانە ڕێکخراوە کە لە بەردەم پرۆسەی ئازادبووندان و ماوەیەکی کەمیان ماوە بۆ گەڕانەوە ناو خێزانەکانیان، تاوەکو مۆسیقا وەک ئامرازێکی ئاشتی و ئارامیی دەروونی ببێتە هاوکارێکی باش بۆ دەستپێکردنەوەی ژیانێکی نوێ و تەندروست. لایەنێکی تری پڕبایەخی ئەم چالاکییە لەوەدا کورت دەبێتەوە کە ئەرکی مامۆستایەتی و ڕاهێنانەکە لە ئەستۆی یەکێک لە سزادراوە خاوەن ئەزموون و بەهرەمەندەکانە، ئەمەش گیانی هاوکاری و متمانەبەخۆبوون لە ناو ژینگەی چاکسازییەکەدا بەهێزتر دەکات.

​ئامانج لەم خ*لە تەنها فێربوونی هونەر نییە، بەڵکو ئامادەکردنی سزادراوانە لە ڕووی مەعنەوییەوە بۆ قۆناغی دوای ئازادبوون، تاوەکو لە ڕێگەی ئەو بڕوانامە فەرمییەی لە کۆتایی خ*لەکەدا پێیان دەبەخشرێت، وەک تاکێکی خاوەن بەهرە و گۆڕاو دەربکەون. ئێمە بڕوامان وایە کە هونەر زمانێکی گەردونییە بۆ چاکسازی و دەکرێت ببێتە سەرەتایەکی جوان بۆ هەر کەسێک کە بیەوێت لاپەڕەیەکی سپی لە ژیانیدا هەڵ بداتەوە.

​ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەوران / هەولێر

کردنەوەی  خ*لی فێربوونی زمانی تورکی بۆ سزادراوانــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ...
23/08/2026

کردنەوەی خ*لی فێربوونی زمانی تورکی بۆ سزادراوان
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
لە چوارچێوەی هەوڵ و پلانەکانی بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەوران / هەولێر بۆ پەرەپێدانی ئاستی زانستی فکری و تواناکانی سزادراوان خ*لی فێربوونی زمانی تورکی کرایەوە

بەشداربووان بە ڕۆحیەیەکی بەرز و ئارەزووی فێربوون بەردەوامن لە وانە و ڕاهێنانەکان، بۆ ئەوەی توانای زمانی خۆیان پەرەپێبدەن و بە زانست و فێربوونەوە هەنگاو بۆ داهاتوویەکی باشتر بنێن.

ئەم خ*لە تەنها فێربوونی زمان نیە بەڵکو هەنگاوێکە بۆ دروستکردنی کەشێکی هاندەر و بەسوود کە تێیدا سزادراوان بتوانن کاتەکانیان بە شێوەیەکی دروست بەکاربهێنن متمانە بە تواناکانی خۆیان زیاد بکەن و تواناکانیان پەرە پێبدەن.

بەردەوامی و پابەندبوونی بەشداربووان نیشانەی ئیرادە و ویستیانە بۆ گۆڕان گەشە و بنیاتنانی داهاتوویەکی باشتر ئەمەش بەشێکی گرنگە لە پرۆسەی چاکسازی و ئامادەکردنی تاک بۆ ژیانێکی بەرهەمدارتر.

فێربوون، هەنگاوێکە بەرەو داهاتوو.

بەخشینی بڕوانامەی کۆتایی خ*لە فێرکارییەکانــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ...
19/08/2026

بەخشینی بڕوانامەی کۆتایی خ*لە فێرکارییەکان
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
ئەمڕۆ ڕێکەوتی ٢٠٢٦/٨/١٩ بە ئامادەبوونی بەڕێز مقدەمی مافپەروەر (ڕێباز زیوەر مصطفی) بەڕێوەبەری چاکسازی گەورانی هەولێر و بەڕێز (ئەحمەد ڕەمەزان ڕەحیم) داواکاری گشتی بەرێوەبەرایەتییەکەمان، لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی هۆبەکان، مەراسیمێکی تایبەت بە مەبەستی بەخشینی بڕوانامە بە سزادراوانی بەژداربوو لە خ*لە فێرکارییەکان بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای مەراسیمەکەداچەند پارچە میوزیکێک لەلایەن ستافی میوزیک، کە پێکهاتووە لە سزادراوان، پێشکەش بە ئامادەبووان کرا. ئەم کارە وەک نموونەیەک لە تواناکان و بەهرەکانی سزادراوان و گرنگیدان بە پەرەپێدانی تواناکانیان بەشێک بوو لە بەرنامەی مەراسیمەکە.

دواتر، بڕوانامەی دەرچوون بەسەر سزادراوانی بەژداربوو لە خ*لەکانی (سەرتاشی، میوزیک و زمانی ئینگلیزی) دابەش کرا. کۆی گشتی بەژداربووان لەم خ*لانەدا ٧٥ سزادراو بوو، کە ئەو بەژداربووانەی بە سەرکەوتوویی خ*لەکانیان تەواو کردبوو بڕوانامەی کۆتایی خ*لەکەیان پێ بەخشرا.

لە بەشی دیکەی مەراسیمەکەدا بەڕێز مقدەم مافپەروەر (ڕێباز زیوەر مصطفی) بەڕێوەبەری چاکسازی گەورانی هەولێر، پیرۆزبایی خۆی لە سزادراوانی بەژداربوو و دەرچووانی خ*لەکان کرد و جەختی لەسەر گرنگی بەردەوامبوون لە فێربوون و پەرەپێدانی تواناکانیان کردەوە.

بەڕێزیان لە وتەکەیدا پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ پرۆسەی فێرکاری و ڕاهێنانی پیشەیی دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد کە بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەوران بەردەوام دەبێت لە هەوڵدان بۆ فراوانکردن و زیادکردنی خ*لە فێرکارییەکان بە مەبەستی دابینکردنی دەرفەتی زیاتر بۆ سزادراوان بۆ فێربوون، پەرەپێدانی تواناکان و بەدەستهێنانی پیشە و شارەزایییە جۆراوجۆرەکان.

هەروەها جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە فێرکاری و ڕاهێنانی پیشەیی یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی پرۆسەی چاکسازی و ئامادەکردنی سزادراوان بۆ گەڕانەوەیەکی سەرکەوتووانە بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی و بازاڕی کار بۆیە هەموو هەوڵێک بۆ پەرەپێدانی ئەم بوارە و زیادکردنی خ*ل و بەرنامە فێرکارییەکان بەردەوام پشتگیری دەکرێت.

ئەم خ*لە فێرکارییە بە سەرپەرشتی هۆبەی ڕاهێنانی پیشەیی و لە چوارچێوەی بەرنامە و چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەورانی هەولێر ئەنجام دراون بە ئامانجی پەرەپێدانی تواناکانی سزادراوان و دابینکردنی دەرفەتی گونجاو بۆ فێربوون و فێرکاریی پیشەیی.

لە کۆتایی مەراسیمەکەش، بە مەبەستی هاندانی ڕاهێنەران و دانانی ڕێز بۆ هەوڵ و ماندووبوونیان، ڕێزلێنان بە ڕاهێنەرانی خ*لەکان بەخشرا و سوپاسی هەموو ئەو کەسانە کرا کە بەشدارییان لە سەرکەوتنی ئەم خ*لە فێرکارییە کردبوو.

ئەم چالاکییە جەخت لەسەر گرنگی بەردەوامبوونی بەرنامەکانی فێرکاری و ڕاهێنانی پیشەیی دەکاتەوە و هەنگاوێکی دیکەیە بۆ پشتگیریکردن لە تواناسازی و ئامادەکردنی سزادراوان بۆ داهاتوویەکی باشتر.

ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەورانی هەولێر

Address

Irbil
44001

Website

Alerts

Be the first to know and let us send you an email when بەڕێوەبەرایەتى چاکسازى گەوران / هەولێر posts news and promotions. Your email address will not be used for any other purpose, and you can unsubscribe at any time.

Shortcuts

Share