07/09/2026
کۆبوونەوەی کار بۆ هەڵسەنگاندن و جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی ڕێبەری سەلامەتی
لە چوارچێوەی گرنگیپێدانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان و بە ڕاسپاردەی بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لەژێر چاودێری و سەرپەرشتیی بەڕێز ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوای پەسندکردنی ڕێنماییەکانی ڕێبەری سەلامەتی، ئەمڕۆ لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، کۆبوونەوەیەکی گرنگ و پسپۆڕانە بە سەرپەرشتیی ڕاوێژکاری یاسایی وەزارەتی ناوخۆ، بەڕێز د. سامی جەلال، بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، بەڕێز لیوای مافپەروەر/ یادگار ئەنوەر فەرەج، بەڕێوەبەری گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەرانی بەرگریی شارستانیی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان، هەروەها ژمارەیەک لە ئەندازیار و پسپۆڕانی پەیوەندیدار بە وەزارەتی ناوخۆ، بەشدارییان کرد.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، بابەتە پەیوەندیدارەکان بە شێوازی کارکردن و ئامادەکاری بۆ جێبەجێکردنی ڕێبەری سەلامەتی، لە ڕووی یاسایی، تەکنیکی و جێبەجێکارییەوە، تاوتوێ و هەڵسەنگێنرا. هەروەها، هەموو بڕگە و ماددەکانی ڕێنماییەکە بە وردی شی کرانەوە، بۆ ئەوەی میکانیزم و شێوازی جێبەجێکردنیان بە شێوەیەکی یەکگرتوو و کاریگەر دیاری بکرێت.
ئامانجی سەرەکیی ئەم کۆبوونەوەیە، دابینکردنی بنەمایەکی ڕوون و هاوبەش بۆ جێبەجێکردنی دروست و کاریگەری ڕێبەری سەلامەتی بوو، بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی سەلامەتی و پاراستنی ژیان و سامانی هاووڵاتیان، کەمکردنەوەی مەترسییەکان و ڕێگریکردن لە ڕوودانی کارەسات و زیانە مرۆیی و ماددییەکان.
لە کۆتاییدا، جەخت لەسەر هاوکاری و هاوتەریبی نێوان بەش و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرایەوە، بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی ڕێبەری سەلامەتی بە شێوەیەکی پرۆفیشنال و لەگەڵ ستانداردە یاسایی و تەکنیکییە پەسەندکراوەکان، بەمەبەستی پاراستنی ژیانی هاوڵاتیان و بەهێزکردنی سیستەمی پێشگیری و سەلامەتی لە هەرێمی کوردستان.
ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان